“بۆ بەیتۆجان، بۆ یارێک کە وڵات بوو و زوو نەهات!”
نووسینی:
#ئەمیر_سیراجەدینBeytocan:
“Mirov ku bê welat bû, mirov nîne”
بەیتۆجان دەڵێ: “ئینسان کە بێ وڵات بوو، ئینسان نییە”.
یا بە قەوڵی “فەرید خان” کە لە شیعری “چیرۆکی سەگە برسییەکان”ـدا دەڵێت؛ “مرۆڤ کە بێ وڵات بوو، تەنانەت ناتوانێ سەگایەتی خۆشی بژیت..”.
شوناس گرنگە، خاک گرنگە، گرنگە تۆ لە شوێنێک ئارام بگری کە دەزانی هی ئەوێی، هی ئەو هەوا و ئاسمانەی و دڵنیا دەبی کە ئیدی لەوێ دەحەسێیتەوە. ئاوا مەرگ ئاسانترە و چاوەڕوانی مەرگ بێ ژانتر. بەیتۆجان بەردەوام ترسی ئەوەی هەبوو کە نەکا بمرێ و نەگات بە خاکی خۆی، نەگات بە نیشتمانی خۆی، نەشگەیشت! لەمە هەژێنەرتر هەیە؟ سوید و ستۆکۆڵم هیچکات نابن بە ماڵ و وڵات بۆ گیان و جەستەی بەیتۆجان. ئەو کوڕی ئامەد و فارقین بوو و تا دوا هەناسەش دڵی بۆ ئەوێ لێیدەدا. بەیتۆجان دەیزانی ڕۆحی ئارام ناگرێ لەوێ، بۆیەش قسەیەکی ئاوا جەوهەری دەکات؛ ئەوەی کە ئینسانێکی بێ وڵات بە ئینسان نابینێت. جوگرافیا بابەتێکی ئەوەندە هەستیار و ئاڵۆزە، دیدی مرۆڤێکی سەربەست و مرۆڤێکی ئاسمیلە بۆ شرۆڤەی ئەم پرسە زەوی تا ئاسمان دەگۆڕێت. بۆ ئێمەومانان کە لەوەتەی هەین ئەم پارچە زەوییە، ئەم جوگرافیا خوێنینە کە وڵاتی ناوە، بووە بە ئوقدەیەکی مێژووی؛ ئەستمە ئاوا ئاسان دەستبەرداری بین. ئێمە ئازادیمان نەچێشتووە، ئێمە تەژی لە گیانی وڵاتێک مەزن هەر مرۆڤمان قوربانی ئەم خاک و نیشتمانە کردووە، بۆیە ئاساییە بەبێ ئەو خۆمان بە هیچ بزانین. جا ئەمە بەتایبەت بۆ هونەرمەندێک کە قووڵتر نوقمی ئەم پرسە دەبێت هەستیارتر دەکات باسەکە. بەیتۆجان لە خاکی خۆیدا و بە زمانی خۆی بەیتۆجانە، ئەمە لەوانەیە بۆ هەر زاتێکی تریش دروست بێت، لێ بە دڵنیاییەوە بۆ بێ نیشتمانگەلێک کە ئێمەین، مانای قووڵتر هەڵدەگرێت لەچاو هەر مرۆڤێکی تری ئەم گۆکە شینە. دووری برینێکە بە جەستەی هەموو ئەوانەی لە غوربەتی نیشتماندان و لە هەر شتێک زیادتر، ترسی مەرگ لە دووری هەراسانیان دەکات. بەیتۆجان زیادتر لە مەرگ، لە دوورە وڵاتی و بێ نیشتمانی دەترسا. ئاه کە ئەستمە تێگەیشتنی ئەم خەمە بۆ کەسێک کە نازانێ نیشتمانی نەسەلمێنراو چییە، خاکێکی داگیرکراو چییە. ئاه کە مردن لە دووری، زۆر مەرگاویتر و بە ژانترە لە مەرگێک لە نێو دەستەکان و خاک و هەوایەک کە هی خۆتە. بەیتۆجان ڕاست دەکات، مرۆڤ بەبێ نیشتمان و وڵات، مرۆڤ نییە…
@rawezhism