رێگام هەموو پێواوە بە دارەکانەوە
.
.
.
چما دەترسن لە حیلەی زامم؟
من هەر بەقەت تەنیاییەکانی نیشتمان
بریندارم
هێڵی سووری ئێوە با هەر بۆخۆتان بێ
هێڵی سووری من خوێنمە.
.
چما بەسەر جەستەم دا هەنگاو دەبژێرن
جەستەی من هەرێمێکە لە چاوەڕوانی
هەم بۆ کیژێک
کە رۆژێک دەبوو بمگاتێ
بە ئایەتەکانی چاوێکی دڕدۆنگ
هەم بۆ وڵاتێک بەستێنی ژانە.
.
هێڵی سەوزی رۆژگار دەمباتە سەر رێیەک
هەموو کچانی دڕدۆنگن
لە سیمای پیرۆزی شەوێک
کە رووشاوە
رێیەکی دیکەشم دەخاتە زمانەوە
درێژە
بارتەقای بەستێنێک کە پاڵی وە وڵاتمەوە داوە
و
کەشتییەکان لەسەر لیمەکانی هێڵکاری دەکا
بە ئاڵای سپی کاتەوە
.
چما ئێوە
کاتژمێرێکتان بەسەر تەنافەکانی سێدارەوە نەدیت؟
وا بەردەوامن لە زەمانی برینداری من!
رستەیەکیشتان زیاد کرد لە تاریکیی سبەینێ
کە نایەتە سەر زمانم.
.
سەردەمێک ماسی دەهاتە زمانمەوە
هێندی هەموو ئایەتەکانی سووڕەتی یوونس
نەهەنگم کردە تاراوگە
تا بگەمە کەنارێک دلۆڤانتر بێ لە ون بوون
.
زەمانێک بە دابی عیسا
سواری داری سڵۆکی خۆم بووم
روو لە بەرزایی هەرچی شمشێرە
بە عەشیرەی کینەوە
بەڵکوو سەوز ببمەوە، لەسەر لێوەکان
شین ببمەوە، لە پاڵ دارە مێوەکان
.
سەرەتێک
ئەو هەموو بڵێسەیەتان بیستبوو
کە من بە نێوی دا لۆتکەکانم
سەوڵ دان
رەنگە ئەو بەری لاپەڕەیەکی فێنک بدۆزمەوە تا جوانیی
.
جارێکیش بیرم لە مژینی مەمکی پەیکەرەیەک کردەوە
لە دەراوی رۆژئاوایەکی رووت
کە ئازادی بوو
دەمکوت تەنانەت خەونێکم هەیە!
.
چما دەترسن
لە خرمەی سمی
سوپایەکی لە تێکشکان خەلسیبێ؟
من لەو بەری ئەسپەکانەوە
کە تەقڵەکوت خوێنم دەپێون
دەحیلێنم
بە گوێتان دا
بۆ سواری دارەکانی خۆتان نابنەوە؟
تا من خۆم لە خوێنی رێگادا ون دەکەم
بەشکوو بگەنەوە بەهار
بۆ لە درەنگانی ئێستا ناترسن؟
.
.
#لەیلا_ساڵحی#زمانی_کوردی#شعر_ضدجنگ #شعر_مدرن#پل_سلان #شعر_جهان #وەرگێڕان#شعر_مدرن#دکتۆر_رێبوار_سەعید#رەفیق_سابر #یوونس_رەزایی#سەلاح_پایانیانی#رەهبەر_مەحموودزادە#رێبوار_سیوەیلی#قوباد_جەلیزادە#سەیوان_سەعیدیان#زمانی_کوردی#شێوەکاری#کانسێپچواڵ_ئاڕت#کوبیسم#شێعری_شێت#شێعری_ئاوانگارد #دیونوسوس#نیچە#تراژدی#کۆبانی#سەری_کانی#بیلا_چاو@younesrazaie