***
گەشتێک بە ناوچەکانی ون بوون دا
.
.
.
لە قامیشلوو، بە شوێن ناونیشانی دار زەیتوونێکەوە
کۆتر بە کۆتر هەڵفڕیم
ئاوا ببوو بەر لەوەی خۆر
بڕیاری دابێ وەحەسێ
.
ئاوابوو دەنگی تەزیوی کانی
بە کاتی چاوەکانی ئەو کیژەی
دەدرەوشاوە
دەمێک بەر لە خەزەڵوەری دەستی رووبار
.
ئاوا بوو، بەسەرهاتی مانگێک
کە مەستانە بوو بە خوێن:
.
لە چوار چرا؛ فانووسێک پشکووت بە شەقامەوە
تیشکی خوێن و دەنگدانەوەی تەنیایی بوو
هەڵفڕی بەرەو ئاخێ دوور
بەرەو مەجالێک لە نیشتمان
کە باکووری جوانی و ئاورە
.
باکوور؛ واتە جوغڕافیا
پڕبێ لە کچکێ دەلال بە رۆژژمێری سەنگەر
پڕ بێ لە لاوکی بڵێسە
پڕ بێ لە دەنگدانەوەی مەل
بە راوێژی
لێ وایە لێ وایە
غەریبێ لێ وایە
.
لە ئامەدێ،
نازدار حەیرانێکم ون کرد بوو لە گوێن باخ
چاوی مەیلەو گۆلی وان بوو
بسکی لە رەزی ئالان مەستتر و
سینگی شێوەی دوندەکانی قەندیل و شاهۆ
.
لە ئامەدێ، دەبوو سنووراوسنوو بگەڕێم
لەو نازادارەی خۆم دەیزانم
قامەتی لە گوێن نەخشەی راکشاوی نیشتمان
بە دیواری پرسگەی پۆلیسەوە
هەنگاوی دەگەڕێنەوە سەر رەچەڵەکی شیبا
.
ئاوا بووم لە ئێوارەیەکی شار و
روو لە نەخشەی ئاڵۆزی چاوی کیژی عەفرین و
کتێبە کراوەکانی زەیتوون
بەڕێ بووم
.
پشت لە دەریای رەش، کە شەوێکی دیکەیە
پشت لە رابردووی هەرچی لوورەیە
.
کەچی عەفرین، پەیکەرەی گورگێک بوو ئێستای!
دوور لە هەرچی بڵواری مەقامێکی روون
گۆرانییەکی مەیلەو با
سەمایەک؛ بە تامی دونیا
.
روو لە قامیشلوو، زەیتوون دەخوازم
نازدار حەیرانی من لە چاوی دارێک دا شاراوە
ناونیشانی: چەند شەقام لەولای برینەوە
دەشتێکە
پڕ بە تەرمی من راکشاو
.
بەرەبەیان بەر لەوەی شار باوێشکی دابێ گەیشتم
.
ئێرە کووچەیەک رووی لە رۆژهەڵات
مێژووی پەپوولە و پاساری ناوە و
شاروێران بە سەربەندی حەیران دەبێژێتەوە بۆ سبەی
.
کۆڵانێک بەرەو باشوورە
رادەژێ لەسەر ریتمی سیروان و
خەو لە نیگای دا مەیوە
.
دەراوێک رووی لە باکوور و
ئایەتەکانی ئەنەدۆل تەلاوەت دەکا
پڕن لە هێمای کچ و لە ساماڵ
پڕ لە بەسەرهاتی گورگیش
بە رێنووسی ئەیاسووفیا
.
بەرەبەیان
بەر لەوەی من ببمە کۆڵانێک لە رۆژئاوای سبەینێ
دەنگم بە هەموو شاردا بریندار
.
بوومە خوێن و
لە رووخساری دار زەیتوونێک دا دەشنێمەوە بەردەوام
...
#زمانی_کوردی#میلان_بگویج#شعر_ضدجنگ #شعر_مدرن#پل_سلان#پاز#ویتمن #شعر_جهان #وەرگێڕان #شێعری_نوێ #کرماشان#سنه#مهاباد #ئیلام#کوردستان #شێعری_کوردی #یوونس_ڕەزایی #شێرکۆ_بێکەس#لەیلا_ساڵحی #هنر_انتزاعی#شعر_آوانگارد#ترجمە_شعر#وەرگێڕانی_کوردی #بۆکانی #شێعری_ژنانی_ئەوڕۆ@younesrazaie