📢خانی شەڕەفکەندی:
ڕوونکردنەوەیەکی پێویست لەسەر لەچاپدانەوی کۆبەرهەمی هەژار موکریانیخوێنەرانی هێژای بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار (بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) هەستیان بەوە کردووە کە دوابەدوای لە چاپدانەوەی کۆبەرهەمی مامۆستا هەژار بە سەرپەرشتی برای دڵسۆزم کاک ماجد ڕۆحانی، کۆمەڵێک گلەیی و گازندە (و تەنانەت تۆمەت) دراونەتە پاڵ دانشگای کوردستان و نەخاسمە خودی کاک ماجد کە بە ڕاست و بە چەپ بووەتە ئامانجی تیری ئەو هێڕشە ناڕەوایەی لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵاتەییەکان و لەلایەن هەندێک لایەنەوە کراوەتە سەری. لە خوا شاراوە نیە با لە ئێوەش شاراوە نەبێ، من خۆشم یەکێک لەو کەسانە بووم کە تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تا ڕادەیەک دڵم بەو کارەی کە بەبێ ئاگاداریی پێشەکی من و کاک مستەفای برام کرابوو کرمێ ببوو و پیچەک بە گومانەوە سەیری ئەم بابەتەم دەکرد و لێی دڕدۆنگ بووم. بەڵام (هێندێک گومانی وا هەن، گوناهن)، دوای ئەوەی پێوەندیم بە کاک ماجدەوە کرد و سەبارەت بە چۆنیەتی کۆکردنەوە و لەچاپدانەوەی کۆبەرهەمی مامۆستا هەژار بە دوور و درێژی قسەمان کرد و زۆر شتی نەزانراو و نەبیستراوم بۆ ڕوون بۆوە، و بۆخۆشم لە نزیکەوە چاوم بەو بەرهەمە هەرە نایابە کەوت و بۆم دەرکەوت چ شاکارێکی بێ وێنەیە، ئیدی تەمی شک و گومان بە جارێک لە مێشکم ڕەوییەوە و دڵم سوکنایی هاتەوەبەر و ئەو بارە گرانەی قورسایی لەسەر دڵ و دەروونم دانابوو نەما. دەڵێن کاری گەورە بە مرۆڤی گەورە دەکرێ و کاک ماجد هەتا بڵێی بەو کارە مەزنەوە ماندوو بووە. ئەگەر عیشق و خۆشەویستی بۆ بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار لە ئارادا نەبوایە بەدووری دەزانم خۆی و تیمەکەی بیان توانیبایە ئەو کۆبەرهەمە دە بەرگییە چەند هەزار لاپەڕەییە بەو چاپ و دیزاینە ڕێک و پێکە چاپ بکەن و بیخەنە بەر چاوی خوێنەری کورد. هیچ وشەیەک شک نابەم بتوانێ سوپاس و پێزانینی بێڕادەی خۆم بۆ ئەو کارە گەورەی کاک ماجد کردوویەتی بۆ دەرببڕێ کە دەزانم ڕەنجی فەرهادی پێوە کێشاوە و یەجگار زۆری پێوە ماندوو بووە. لێرەدا داوایەکی برایانەشم لە هەموو لایەک هەیە: تکا لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە لەبەر هەر هۆکارێک بووبێ هەڵوێستێکی توند و نەرێنی و تەنانەت نەشیاویان بەرامبەر بە کاک ماجد و زانکۆی کوردستان لەپاش لەچاپدانی کۆبەرهەمی مامۆستا هەژار نواندووە و ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر ئەو کارە دەربڕیوە و هەوری شک و گومانیان بەسەر هەموو کارەکەدا کێشاوە، ئیتر بە بەس بێ و کۆتایی بەو باس و خواسانە بێنن و ئیدی با ئەم لاپەڕەیە هەڵدەنەوە و پاژێکی نوێ بکەنەوە و دەرگای دڕدۆنگی و ململانێ داخەن و جارێکی دیکە ئەم نەقڵ و باسە نەهێینەوە ئاراوە. هەروەها تکا لە هەموو لایەکیش دەکەم بە هیچ شێوەیەک هیچ لێدوانێک و ڕوونکردنەوەیەک بەبێ ئاگاداری خۆم و بەناوی منەوە بڵاو نەکەنەوە.
تێبینی: بە داوای لێبوردنێکی زۆر لە برای بەڕێزم کاک توفیق کەریم و هاوکارە بەڕێزەکانی لە دەزگای خاڵ کە زۆر بەو کۆبەرهەمەوە ماندوو بوون و سوپاس و پێزانینی تایبەتیش بۆ دەزگای ڕوانگە کە ئەرکی لەچاپدانی ئەو کۆبەرهەمەی لە ئەستۆ گرت. لە پۆستی پێشووترمدا ناوی ئەو بەڕێزانەم لە یاد نەبوو و هیوادارم لێم ببوورن.
https://t.center/midyayserberzi/39281?singleـــــــــــــــــــــــــــــ
🌅لە میدیای سەربەرزی هاوڕێمان بن
@midyayserberzi