#کۆڵبەر✍سمکۆ بانە
کۆڵبەری لە سنورەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای ساڵی 1991ەوە بۆتە دیاردەیەکی بەربڵاو کە بە دەیان هەزار خێزان لە هەردوودیوی سنور داهاتیان لەسەر کۆڵبەریە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای کەرتی کشاوەرزی و ئاژەڵداریەوە زۆرترین کەس بەم کارەوە سەرقاڵن و بە پێی ئامارە نافەرمیەکان زیاتر لە 120 هەزار کەس لە ڕێگای کۆڵبەریەوە ژیان بەڕێوە دەبەن.
کۆڵبەری پیشە نیە مخابن جۆرێکی نوێیە لە کۆیلایەتی، کار کردنە بۆ نانەسکی خۆیان و منداڵەکانیان، پێشێڵ کردنی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤە کە ناچار دەبێت بۆ بڕە پارەیەکی کەم چەندین کاتژمێر بارێکی قورس لە کۆڵ بنێت و لە ژێر بەفروباران و لەبەر سورەتاوی تاقەتپڕوکێن بەسەرەوەزە بەردی سەخت و ئەستەمدا مەلی ڕێگە ببڕێت، بارێک هەڵگرێت کە باری خۆی نیە تازە شانسی هەیە ئەگەر فیشەکی پاسەوانێکی سنور گیانی نەسێنێت.
کارێکی مەترسیدار کە لە کاتە جیاجیاکانی ڕۆژو شەو مەلی ڕێ دەگرنە بەر و هیچکامیان دڵنیانین بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە بۆ ناو ماڵ و منداڵیان.
(هۆکاری زیاد بوونی کۆڵبەری)
هۆکاری سەرەکی زیاد بوونی ژمارەی
کۆڵبەر بۆ بەرز بوونەوەی بێکاری دەگەڕێتەوە کە ئەوەش سیستمێکی سەقەتی ئابووری و قۆرخ کردنی پیشەکانە لەلایەن دەسەڵاتەوە کە پێوەرەکانی دەوڵەت نەتەوە دیاری دەکات، تەنانەت لەم ساڵانەی دواییدا ژومارەی بەرچاو دەرچووی زانکۆ و خاوەن بڕوانامەی بەرز وەکوو ماستەر و دوکتۆرا بە ناچاری کاری کۆڵبەری دەکەن.
(کوشتنی کۆڵبەران)
لە سیستمی کاپیتاڵیست کە بەرچاوترین بەرهەم و پڕۆژەکەی پێکهێنانی دەوڵەت نەتەوە بوو، ئابوری سەرەکی وڵات بە دەستور و یاسا بۆ دەوڵەت قۆرخ دەکرێت و هەرجۆرە ئابوریێکی کۆمۆن و سەربەخۆ ناڕاستەوخۆ ڕێگە پێنەدراوە و ئەم پڕۆسەیە لە ئاستێکی گشتگیردا لە جیهاندا سەپێندراوە کە دەوڵەتی ئێرانیشدا نەتەنیا ئەم مژارە بە توندی ڕەچاو دەکرێت مخابن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مژارەکە بە دو فاکتەر تێپەڕ دەبێت کە فاکتەری دوهەم وەک مژارێکی سیاسی سەیر دەکرێت کە سەرکەشی و مل نەدان بە خواستەکانی حکومەت و دەسەڵات دوژمنیێک لەگەڵ ئەم چینەی کۆمەڵگا ڕێک دەخات کە ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوو (دەوڵەت و
کۆڵبەر) بۆتە هۆکارێک بۆ کوشتنی بێ بەزەییانەی کۆڵبەران.
دەسەڵاتی ئێران بە پێش خستنی چەواشەکردنی، گەلانی ناوخۆی ئێران، کۆڵبەری وەک کارێکی قاچاخچیەتی پێناسە دەکات وە لاواز بوونی ئابووری لە چاو کۆڵبەران دەبینێت .بۆیە هەرکات مەیلیان لێبێت بۆسە بۆ کۆڵبەران دەنێنەوە و تەقەیان لێ ئەکەن.
نا دادپەروەری کاتێک دەگاتە لوتکە کە بۆ یەکجاریش چەکدارێکی سەر سنورەکان بە هۆی کوشتنی کۆڵبەران ڕوبەڕووی دادگا نەکراوەتەوە تەنانەت ڕویداوە ئەگەر بنەماڵەیەکی کۆڵبەرە کوژراوەکە کە سکاڵا تۆمار بکات، ئەوا پارەی فیشەکەکەشیان لێ دەسێنێتەوە کە کۆڵبەرەکەشیان پێ کوشتوە.
(ئەوەی پێویستە گەلی کورد لێی ئاگادار بێت)
ئەوەیکە تاوانبارە دەسەڵات و سیستمە کە تا ئێستا هیچ کارێکی ئەرێنی بۆ کۆڵبەران نەکردوە و گەلانی دیکەی ناوخۆی ئێرانیش لە جێگای ڕخنە کردنی دەسەڵات کە تاوانباری سەرەکیە لە بێکار کردنی میلەت و نەهێشتنی بەهاکانی ئازادی و بە ئانقەست ئەم پڕۆسەیەی پشت گوێ خستووە. بۆیە پێویستە گەلی کورد خۆی ئەم پڕۆسەیە بە زێهنیەتێکی دروستەوە لێی بڕوانێ و ئاسان لەپاڵیدا تێپەڕ نەبێت.
#کۆڵبەر#سمکۆ_بانە☑️ @wilatparez1