🔶 #مەسعود_بارزانی وەڵامی
#پەکەکە ی دایەوە، بەڵام...
🔸 دوای بانگەوازیی پەکەکە بۆ گفتوگۆ و ڕێگرتن لە شەڕ،
مەسعود بارزانی وەڵامی دایەوە، بەڵام بەهیچ جۆرێک باسی لە گفتوگۆ نەکرد.
🔸 دوای ئەوەی، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەکەکە، لەبارەی جوڵەی هێزەکانی پەدەکە لە هەفتانین داوایکرد، بۆچوونی
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پەدەکە و شەڕی براکوژیی بزانن و ئامادەیی پەکەکەشی بۆ گفتوگۆ نیشاندا، کەمێک پێش ئێستا بارزانی وەڵامی دایەوە و بەهیچ جۆرێک باسی لە گفتوگۆ نەکرد.
🔸 لە ڕاگەیەندراوەکەی بارزانییداهاتووە:”لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت و لەو هەموو قەیرانەی ڕووی لە وڵاتی ئێمە كردووە، بە پێویستی دەزانم داوا لە هەموو کوردستانییەک بکەم کە بە شێوەیەکی واقعی ڕووبەڕووی ئەم دۆخە نالەبارە ببنەوەوە و، لەئاست بەرپرسیارتی مێژووییدا بن و بەرەو ئاساییکردنەوە و نەهێشتنی گرژیی و ناخوشییەکان هەنگاو بنێن. ئێستا كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە ڕۆڵە دڵسۆزییەكانیەتی بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان لە ناخۆشی و پیلانەكان بپارێزن”.
🔸 ئەوەش هاتووە:”مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە”.
🔸 هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی بارزانییدا هاتووە:”بەڵام نابێت ئەم هەڵوێستەمان بە هەڵە لێک بدرێتەوە و ئیستغلال بكرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەستەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بکرێت و هەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەكی چەكدارانەی نایاسایی بە سەر خەلکی کوردستان بدرێت. نابێ هەڵوێستی حەرامكردنی شەڕی كورد و كورد بەوە لێكبدرێتەوە كە سەقامگیری و ئاساییشی شار و شارۆچکە و دێهاتەکانمان تێک بدرێت و هاووڵاتیانمان ناچار بکرێن ماڵ و شوێنەکانیان بە جێ بێڵن و ببنە قوربانی و بە ناحەق شەهید بکرێن و كەسیش دەنگ نەكات”.
🔸 بارزانی دەشڵێت:”دوای هێرشی دڕندانەی تیروریستانی داعش، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ڕوویان كردە بەرەکانی شەری دژی تیروریستان و زۆر لە ناوچە سنوورییەکان چۆڵ کران. بە داخەوە لەو کاتەوە لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی ئەزمونی هەرێمی کوردستان بکەن، چەکدارانی پەکەکە ئەم ناوچە سنووریانە و دواتر هەندێک ناوچەی تریش یان داگیر کرد و خویان وەک جێگرەوەی حکوومەت سەپاند و ڕێگریان لە خەڵک کرد ماڵ و دێهاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و ئەگەر سەردانی ناوچەکانیشیان بكەنەوە باج و سەرانەیان لێ وەر دەگرن. بێگوومان ئەم ڕەفتارانە جێگای قبووڵكردن نییە. هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانە و وڵاتپارێزانە بە کردەوە دیار دەکەوێت نەک بە قسە و وتار”.
🔸 لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەی
مەسعود بارزانییدا هاتووە”لێرەدا پێویستە بە بیریان بێتەوە کاتێک لە سەرەتای دەستکردن بە چالاکیەکانیان بوون، ئێمە هەموو جۆرە هاوکارییەکمان کردن. ئەوان بە پێچەوانەوە هەڵوێستێکی ناجوامێرانەیان نواند و دواتر لە چەندین قوناغدا شەڕیشیان بەسەردا سەپاندین و لە ئەنجامدا هەموو لایەک زەرەرمەند بوین”.
🔸 هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە”باشترین هەڵوێست لەم کاتەدا ڕێز گرتنە لە دەستەڵاتی شەرعی و یاسایی هەرێم و هەروەها چۆڵكردنی هەموو ئەو ناوچانەیە کە لە ڕێگەی سەپاندنی هێزی چەکداری داگیر كراون و بونەتە جێگەی مەترسی بو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. ئێستاشی لەگەڵدا بێت سەدان گوند بەهۆی بوونی چەکدارەکانی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە و كراونەتە گوڕەپانی شەڕ و پێکدادان”.
🔸 لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی
مەسعود بارزانیدا هاتووە”لێرەدا داوا لە هەمو لایەک دەکەم بو ئەوەی بارودوخی وڵاتەکەمان لەمە زیاتر تێک نەچێت و شوێنە وێرانکراوەکان ئاوەدان بکرێنەوە و ڕێ لە گرژیی زیاتر و ڕووداوی نەخوازراو بگیرێت پێویستە ڕێگە بە خۆسەپاندنی نایاسایی هیچ لایەک نەدەن و پشتیوانی لە خەبات و قوربانی پێشمەرگە و گەلی ستەملێکراومان بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی ئەم قوناغەدا بن”.
🆔 https://t.center/Zagrosmadnews