🔶🔶🔸🔸🔸🔶🔶✅ @tapuynusraweساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئیمپراتۆری شیعری جیھان
مامۆستای ھەمیشە زیندوو
#شێرکۆ_بێکەسی_نەمرـــــــــــــــــــ
من لە گەڕەکی پاییزدا لە دایک بووم
تەنیایی مەڵاشوومی هەڵداوەتەوە.
قوماتەکەم گەڵای وەریو بووە.
باوکم ناوی "بریندار"ـە و
دایکیشم ناوی "خەزان"ـه
لەگەڵ "ڕاپەڕین"ـی چاو سەوزدا
هەردووکمان لە ڕۆژێکدا چاومان هەڵهێناوە.
ئەو شیری دایکی منی خواردووە و
منیش شیری دایکی ئەو①
۱۲ گوڵان ڕێکەوت بوو لەگەڵ لە دایکبوونی ئیمپراتووری شیعری دنیا، خودان پەیڤ و وشەی پاراوی کوردی و "هەست و نەست②"ـی نیشتمانی، خاوەن هەشت هەزار لاپەڕە هەتاوی شیعر و "تریفەی هەڵبەست③".
هەندێ کەس هەن کە لە دایک دەبن و چاویان بە ژیان هەڵدێ لەو ڕێبازە پیرۆزەی کە خواست و ویستی دڵ و هزریانە هەنگاو دەنێن و لە گوزەری زەمانەوە لە پێناوی ئاخ و نەتەوە و سەربەستیدا مۆمی تەمەنیان ئەسووتێنن و مێژوویێک بۆ خۆ تەرخان و تۆمار دەکەن، ئەمانە هەرچەن بە جەستە ئاکام بەرەو پاشەهەواری شاری خامۆشان بنە و بارگە لە کۆڵ ئەنێن و لە دوا مەنزڵگەیاندا ئۆقره ئەگرن، بەڵام بە ڕۆح و بیر و هزریان لەو بازنەی مردن و نەمانە دەرباز دەبن دەڕۆنە ڕێزی هەرمانەکانی نەتەوەکەیان و بگرە جیهانیش.
تەنانەت گەرد و تۆزی فەرامۆشی تێپەڕینی زەمەنیان لێ نانیشێ و بگرە وەکو زێڕێکی بێخەوشی ژێر خوڵ بەنرخ و بەبایەخ ئەبن. ئەم کەسانە تەنیا یەک مێژوویان هەیە و بەس ئەوەیش مێژووی لە دایک بوونیانە. بێشک مامۆستا
شێرکۆ بێکەس یەکێ لەو کەسایەتیانەیە؛ هەتا کورد و هۆنراوەی کوردی هەبێ شێرکۆی نەمریش دەژیت و زیندووە و تینوویەتی شیعر دەشکێنی و گوارەی زێڕینی گوێچکەی مێژووی هەڵبەست و هۆنەی کوردییە کە بۆ هەتاهەتایه دەلەرێتەوە. بۆیە ئەمڕۆ پاش ۴ ساڵ لە سەفەری خۆڵەمێشی و بێگەڕانەوەی ۷۷ـەمین مۆمی کێکی تەمەنی ئەم خواوەندگارەی وشە و پەیڤی کوردییە هەڵئەکەین و یادی بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز و حورمەت دادەنەوێنین بۆ ورە و باوەڕ و هستی پاکژ و بەرزی، بۆ ئەو پەڕاوە شیعریانەی بە میرات بۆی بەجێهێشتوین.
بێشک
شێرکۆ"نەمرە وەکو شاخ
وەکو بەفر
وەکو درەخت و گوڵەباخ"④
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
① بەشێک لە شیعری "ئێستا کچێک نیشتمانمە"ی
شێرکۆ بێکەس
② ناوی یەکێ لە پەڕاوەکانی
شێرکۆ بێکەسە
③ ناوی یەکێ لە پەڕاوەکانی
شێرکۆ بێکەسە
④ بەشێک لە شیعری "کەشکۆڵی پێشمەرگە"ی
شێرکۆ بێکەس
✍🏻 #ژیلەمۆ#تاپوی_نووسراوە 📚✅ @tapuynusrawe🔶🔶🔸🔸🔸🔶🔶