📘تەندوورەی تارماییەکان
📚یادداشتێک لە سەر ڕۆمانی “سروودێک بۆ ئیبراهیم”ـی عەزیز مەحموودپوور
✍️ #کامڕان_هەڵوەدا ▫️ڕۆمانی "سروودێک بۆ ئیبراهیم" تازەترین بەرهەمی چیرۆکنووسی ناسراو "
#عەزیز_مەحموودپوور"ە کە پێشتر بەرهەمی وەک کۆمەڵە چیرۆکی "پیاوێکی ڕیشخەنەیی" و نۆڤلێتی "خەونی پەپوولەپایزە"ی بڵاو کردۆتەوە و جێی خۆیان گرتووە. ئەو ڕۆمانە لە ١٦٨ لاپەڕەدا لە لایەن نەشری خانیـیەوە بڵاو کراوەتەوە. "سروودێک بۆ ئیبراهیم" هەم لە ڕووی قەبارە و هەمیش ناوەرۆک و داڕشتەوە جیاوازیی لەگەڵ بەرهەمەکانی پێشووی نووسەر هەیە.
▫️گێڕانەوە لەو ڕۆمانەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوڕاست نییە و قەڵتقەڵت لە زاری کاراکتەرەکانەوە پێکەوە لکێنراوە. بە لاپەڕە هەڵدانەوە لە سەر چارەنووسی ئەندامەکانی سێ چوار بنەماڵەی هەناسە لە دووکەڵهەڵکشاوی ناو ئەو ڕۆمانە، چیرۆکێک سەر دەگرێ کە بە تێکئاڵقانی گەوەکانی سەربردەی چارەی هەر کام لە کەسایەتییەکان، لە ئەنجامدا زنجیرەی ڕووداوەکان بەرەبەرە خۆ دەردەخەن و قۆپەنێکی پوواو لە کۆمەڵگە پێکدێنن کە تانوپۆی بە سەر یەکەوە نەماوە. ڕادەی هەرەسی دەروونیی هەر کام لە کەسایەتییەکان هەڵدەگرێ ئەو ڕۆمانە بە ناوی ئەوەوە ناو بنرابایە.
▫️ڕۆمانەکە بە تۆخ کردنەوەی ناوی ئیبراهیمەوە ناو نراوە. لە ساڕستەی ناوەکەشیەوە - سروودێک بۆ ئیبراهیم - نمێکی عاتیفە دەدەڵێ. بەڵام ئیبراهیم کێیە؟ ئیبراهیم کاراکتەرێکە کە ون بوونی - گیران - سی و چەند ساڵ پیرترە لە لاپەڕەکانی ئەو ڕۆمانە و عەیامێکە بۆتە کەڵکەڵەی دڵەڕاوکێ و خۆفپژێنی ناو ماڵی ئەم چیرۆکە. کەسایەتیی ئیبراهیم توێژاڵێک تارمایی دیار و نادیاری هەمیشەییە بە سەر ڕۆمانەکەوە؛ نە ئەوەیە تەمی لە سەر بڕەوێ و نە ئەوەشە دێڕەکان بەجێبێڵێت و بە یەکچەلی ون بێ. جگە لە دوو دێڕ نامە و وێنەی سەرەومێرمنداڵێتی هیچ ئاسەوارێکی دیاری دیکەی نەدراوەتە دەست ئەوانەی پێیەوە ماندوون. سەیر ئەوەیە ئەو دوانەش بە دەست نووسەرەوە گا دەنوێنرێن و گا دەخرێنەوە خانەی گومان؛ دێڕەکانی نامە دەڕەوێنەوە و چوارچێوەیەکی چڕژاو دەچێتە ناو یەغدانەکەوە.
▫️چارەنووسێکی شووم وەک چەمۆڵەیەک نراوە بە ڕووی ژیان و بەسەرهاتی سەرجەم کاراکتەرەکانەوە و بواری هەناسەی لێ چنیون. هیچ کام لەوان بەبێ بۆشاییەکی کەکرەیی نین. نووسەر مەودا بە هیچ کام لە کاراکتەرەکان نادات کەفوکوڵی برینی ناخ و ژاوەژاوی کاڕەگەی سەریان بسرەوێ؛ دەملەسەرپشت پەلکێشیان دەکاتە نێو دەقەکەوە و وەقسەیان دێنێ و جووڵە و ڕەوتی گێڕانەوەکەیان پێ ڕادەگرێ و لیزگەی ڕستەکانیان پێ دەهۆنێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە، ئیبراهیمئاسا کەلەشی مردووەکانیش بانگ دەکاتەوە و وەقسەیان دێنێتەوە و چیرۆکی خۆف و دڵەڕاوکێیان لێ دەبیستێتەوە. کاراکتەرە ماندوو و مردووەکانی بەر دەستی نووسەر تەنانەت لە قەبرانیش سرەوتیان لێ هەڵگیراوە؛ یان دەمنادەمێک کەسێک دەنێرێتە وێ و خەڵوەتیان دەشەمزێنێ، یان خەبەریان دەکاتەوە و دەیانباتەوە ناو تارماییەکان و بۆ گێڕانەوەی ڕۆژە شوومەکان هەراسیان پێ هەڵدەگرێ.
▫️نەک هەر کاراکتەرەکان، بەڵکوو خوێنەرەوە و کۆپلە و ڕستەکانیش بە دەست نووسەرەوە حاسێن! پرسیار لە فڵانکەس دەکرێ و فیسارکەس وەدەنگ دێ، ئەو خەفەت دەخوا و ئەم فرمێسک دەهۆنێتەوە، یەکێ لە تارماییەکان دەنۆڕێ و یەکێکی دی دڵی ڕێشکەوپێشکە دەکا. لەم ناوەدا خوێنەرەوە دەبێ ببێتە هەشت چاو و گوێ و بێوەی دەرەتانێک بە خۆی بدا پەل بۆ هەڵاواردنی ماناکان و خاوەنی ڕستە و گوتەکان بکوتێ و هەر پەلکێکی دڵەڕاوکێکان بە لکی خۆیەوە گرێ دات.
▫️هەرچەند ناوەناوە تێمێکی کاڵی دڵداری سەروبەری چیرۆکەکە پێک دەگرێت، بەڵام نووسەر لەوێشدا بەسەر کاراکتەرەکانیەوە نەچووە و دڵدارییەکەیانی وەک چڵێسی نواندووە و مێشکی سیخناخ کردوون لە خڵتەی تاوان.
تەنانەت مەرگیش لەو ڕۆمانەدا مەرگێکی شەکەتە؛ مەرگی ئاسایی وەلا نراوە و خۆسووتاندن، ئیعدام، گولـلە لە خۆ دان، خۆ هەڵواسین، تەسادوف، خۆکوژی و مەرگی نابەڵەد و نامەعلووم بەربینگی ژیانیان گرتووە.
▫️پوختایی چیرۆکەکە سەرەتاتکێی ڕستەکانە بە نێوان بابەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دڵداریی نائاسایی، لە سەر تەختە تافتەیەکی یەکدەست بە تانوپۆی خۆف و هاڵۆزیی دەروونی و دڵەڕاوکێ چنراو. جگە لەو کەسایەتییانەی بوونەتە وەسیلەی گێڕانەوە بە دەست نووسەرەوە، شوێنبزربوون، مەرگی ئیجباری، نەزۆکی، سڵەمینەوە و بێهیوایی کاراکتەرە ڕاستەقینەکانی پشت پەردەی ئەو چیرۆکەن کە تارمایی و خۆف و دڵەڕاوکێی هەمیشەییان لێ دەدەڵێ.
▫️ئەوانەی لەو یادداشتە چی وایان دەسگیر نابێ، ئەوانەن کە ئەو ڕۆمانەیان نەخوێندۆتەوە؛ ئەو ڕۆمانە ناگێڕدرێتەوە و چارەی تەنیا خوێندنەوەیە!
🔻درێژەی بابەت... (
Zêdetir Bixwîne)
🌐
http://kurdishbookhouse.com/ku/100-555/📎داگرتنی PDF
#اختصاصی_خانه_کتاب_کردی ■ ببنە ئەندامی "ماڵی کتێبی کوردی":
▪️ @kurdishbookhouse🌎 پایگاه خبری خانهٔ کتاب كُردی