https://bit.ly/3uUUb9wجۆرجۆ ئاگامبێن
وهرگێڕانی هاوار محەمەد
ناتوانین بە دروستى لەوە تێبگەین چ شتێك لە درێژکردنەوەى دۆخی ناکاو [1](تا کۆتایى مانگى شوبات) لە فەرەنسا لە كاردایه، ئەگەر له نێوكۆیی ئهو شێوەگۆڕكێ ڕادیکاڵەدا سهیری نهكهین کە بەسەر مۆدێلى ئەو جۆرە دەوڵەتەدا هاتووە كه دهیناسین. یەکەم شت كە پێویستە تانەى لێ بدەین و بەدرۆی بیخەینەوە بانگەشەى سیاسییە نابەرپرسەکانە، بە ژن و پیاوەوە، بانگی ئەوەی گوایە دۆخی ناکاو قەڵغانێكى پارێزگارییە بۆ پاراستنى دیموکراسی.
مێژوونووسەکان زۆرباش دەزانن کە پێچەوانەى ئەم بانگەشەیە ڕاستە. دۆخی ناکاو ڕێك ئامرازى ئەو ڕێکارییانەیە کە دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکان لە ئەوروپادا خۆیان پێ داسەپاند. بەو پێیە، ساڵانێك بەرلەوەى هیتلەر دەسەڵات بگرێتە دەست، هەمیشە حکومەتە سۆشیال-دیموکراتەکان لە [کۆمارى] ڤایمارى ئەڵمانیدا پەنایان بۆ دۆخى ناکاو، یان وەک بە زمانى ئەڵمانى پێیدەوترێت دۆخى ئاوارتە Ausnahmezustand، بردووە. بۆیە دەشێت بڵێین ئەڵمانیا، هەر لە پێش ساڵى 1933ـەوە، چیتر لەوە كەوتبوو دیموکراسییەكى پەرلەمانى بێت.
دواى ئەوەى هیتلەر بۆ پۆستى ڕاوێژکار ڕاسپێردرا، یەکەمین كارى ڕاگەیاندنى دۆخى ناکاو بوو، کە هەرگیز لێشى پاشگەز نەبوویەوە. جا كەسێك سەرى لەو تاوانانە سووڕمابێت کە نازییەکان بە بێ حساب و لێ پێچینەوە [لە بکەرانیان] كردوویانە، ئەوا لەبیری نییە کە ئەو تاوانانە بە تەواوەتى یاسایى بوون، چونكە لەو وەختەدا وڵاتەكە لە دۆخى ئاوارتە بووە و [بە گوێرەى ڕێسا بەركارەكانى ئەو دۆخە] ئازادییە تاکەکەسییەکان هەڵپەرسێردرا
بوون.
لینکی وتار لە وێبسایتی ناوەخت:
https://bit.ly/34LTvsr@nawext