بە ناوی مەزنیەزدانی دڵئاوای دڵانوان
هاوڕێکان!
کاک شەریف باجوەر! کاک ئومێد حوسەینزادە (کۆنەپۆشی)!
دیسان ٣ی خەرمانانە و شەش ساڵ تێپەڕی لە هەڵفڕینتان بۆ ئاسمانی سۆز و بەزەییی پەروەردگاری مەزن.
دیسان هاتینەوە سەر ڕۆژێک و یادێک کە بووگەسە چاوگی گەش و چیای هێزگرتنی بەشێک لە فیداکاران و سورمەی چاوی ژینگەپارێزان.
۳ی خەرمانان گوڕمە بۆ ڕابوون و ئاخێزگەی بزاوتە لە هەمبەر هەموو داگیرکەرییەکی ژینگەیی و سووتاندنی لێڕەوار و دارستان کە بە بێحاشا چرای سەوزی بۆ هەڵکراوە. ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە کۆی هەموو سنووربەزاندنەکانی ژینگەیی، سووتاندنی دارستان، خاشەبڕکردنی لێڕەوار، داگیرکردنی پانسک و عەرسەگەلی نەتەوەیی، لە پاڵ گوێ و لە پێش چاوی کۆمەڵگاکەدا هیچ بەربەستێک و هیچ ئیرادەیەک و هیچ گرنگییەکی بەهێز و کارا بۆ پاراستن و یان ڕزگارکردنی چەمکەکانی ژینگە نابینرێت.
بەربەستی شایان و پێویستی قانوون و یاسا بوونی نییە و ئەگەر بە لاوازیش هەبێت کارامەیی نییە. ئیرادەی جێبەجێکارانە و بەرپێگرتن نییە و نەڕسکاوە. چ لە لایەن خەڵک و چ لە لایەن دەسەڵاتیشەوە گرینگییەکی ئەوتۆیشی پێ نادرێت. لە وەها دۆخ و کەشوارێکدا، چەپاو، غارەت و تاڵانی داشتەکان و ئەمانەتگەلی ژینگە و سروشتی نیشتمان بە ئاشکرا و مەبەستدار لە ژێر چرای سەوزی دەسەڵاتدا لێرەولەوێ و گشتگیر درێژەی هەیە. جا وشکاندنی دەریاچەی ئوورمییە بێت یا ئاگرتێبەردانەکانی ڕەوەزەشاخەکانی زاگرۆس و یان حەر بوار و باڵگایەکی ژینگە و سروشت؛ ئەگەرچی کەم تا فرە هەڵوێست، کردار و فرمانی ژینگەپارێزی لە ناوچەکاندا هەن و لە جووڵەدان بەڵام فرمانەکان تۆخ و چڕ نین و شایانی تیماری زامەقووڵەکان و پەترۆبەستنی کەلێنەکەلەلاکانی ناسۆری سرووشت نین.
هۆ شەریفەبەشکۆکەی چیا و هۆ ئومێدەکەی نەبەردی هەردان! هاوڕێکان!
ئێمە لە بیچمی دەسەڵات و بەرپرس و دەستێوەردەران نین کە مەسڵەحەتی وڵات و نیشتمان لە قەڵافەتی باڵای خاک و سروشتدا لە یەک دابڕکەین و لە ئیرادەماندا سۆزی وڵات و هیوای دواڕۆژی تیا نەبێت. لە بەردەبازی تێکۆشان و کۆڵنەدانی نیشتمانوانیدا لە بریتی ئەوەی کە کارئاسانی و ڕێخۆشکەریمان بۆ بکرێت؛ زۆر بە داخەوە چ لە لایەنی زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگاوە بە زەقی و هەم خاوێرانە و چ لە لایەنی بڕبڕەپشتی دەسەڵاتیشەوە بە نهێنی و ئاشکرا، تەگەرە، بەرپێگری و تەوەساندنەوەمان بۆ ساز ئەکرێت.
ئێمە دڵەخورپەی ژینگەپارێزیمان هەیە. باوەڕمان وایە کە بە عەزم و ئیرادەی لێبڕاو و بەهێز و یەکانگیری و یەکبوون، بە گیانی هاودڵی و هاودەنگی لە فرمانەکاندا ئەتوانین سەرمایەکانی نەتەوەیی بپارێزین.
ئێمە لە پێناوی هێشتنەوەی خاک و ژینگەی نیشتماندا ڕێگای ئەندیشەی سەوزمان بە تێکۆشان و نەبەزین هەڵبژاردووە و لەم بەستێنەدا لە هیچ نەبەزینێک درێخ ناکەین.
ڕاوەستاوین تا سەوزەڵانی پێدەشتەکان شینبن و لە گزینگی خۆر لە ئارنگی چەرمووی بەفری کوێستانەکان بپرژێت لە ئاسۆی سووری سەر هەورازان.
۳ی خەرمانانی ۲۷۲۴
@chya_ngo