#تکمیلیلە تۆڵەی فەرماندە ڕێناس و هاوڕێکانی، ٢٢ چەتە و سەربازی تورکیا سزادران
ئەنجومەنی سەربازیی باب، چالاکییەکی تۆڵەکردنەوەی دژی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە گوندی یاشلی باب ئەنجامدا و تیایدا ١٢ سەربازی تورک و ١٠ چەتە کوژران و ١١ سەرباز و ١٠ چەتەى دیکەش برینداربوون.
ئەنجوومەنی سەربازیی باب لەبارەى چالاکیی وەڵامدانەوەیان لە دژی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە گوندی یاشلی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوى ئەنجوومەنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وەک تۆڵەکردنەوەی شەهیدبوونی ئەو هەڤاڵانەیان، کە ڕۆژی ١٩ی ئاب شەهید کران، چالاکییەکەیان ئەنجامداوە و تیایدا هاتووە”لە ١٩ی ئابدا سۆسن بیرهات ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی قەسەدە و یەپەژە و عەگید گرکێ لەگێ و دوو شەڕڤانی ئەنجومەنی سەربازی تل تەمر لە ئەنجامی هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوەندی پەیوەندیەکەمان شەهید بوون. هەروەها هەمان ڕۆژ هەڤاڵ ڕێناس ڕۆژ لە سەر ڕێگای عەلی فەرۆ ئەندامی فەرماندەیی ئەنجومەنی یەپەگە بەهۆی بۆردومانکردنی ئۆتۆمبێلەکەی شەهید بوو”، دەشڵێن: لە بەرامبەردا هێزەکانى ئەنجوومەنەکەیان چالاکیی وەڵامدانەوەی قورسیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە.
ئەنجومەنەکە ئاماژەى بەوەکردووە، چالاکییەکی سەرکەوتووانە لە دژی بارەگای گوندی یاشلی ئەنجامدراوە، سێ مۆڵگەی چەتەکان دەستی بەسەرداگیراوە و خاڵەکانی نزیکی ئەو ناوچەیە بە سەختى کراونەتە ئامانج.
لەبارەى ئەنجامى چالاکیەکانیش دەڵێن، ڕۆژی ٧ ى ئەم مانگە هێزەکانمان بارەگای گوندی یاشلیی سەر بە باب، کە شوێنی مانەوەی ٦٠ سەرباز و چەتەی سەر بە دەوڵەتی تورکە کردە ئامانج و تێیدا تواندرا دەست بەسەر سێ مۆڵگەی دووژمناندا بگرن و بە شێوەی کاریگەر هێرش بکەنە سەر بارەگاکە و ئەو خاڵانەی کە چاودێریی بارەگاکەیان دەکرد.
ئەنجومەنەکە وتوشیانە، چالاکییەکە بە چەکی قورس ئەنجامدراوە و بەهۆی ئەو چالاکییەوە بەشێکی گەورەی بینای بارەگا وزرێپۆشەکان و مۆڵگەکانیان لەناو چووە و بە شێوەیەکی کاریگەر هێرشکرایە سەر ئەو خاڵ و زرێپۆشانەى کە بە چەکی قورس پارێزگارییان لە شوێنی نزیکی بارەگاکەیان دەکرد و لە ئەنجامی هێرشەکەشدا گورزێکی گەورە لە سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی کەوت.
ئەنجوومەنی سەربازیی باب لەبارەى ژمارەى کوژران و برینداربوونى چەتەکانیش ڕایگەیاندووە، بەهۆى چالاکیەکەوە ١٢ سەربازی سوپای داگیرکەری تورک کوژراون و ١١ سەربازی دیکەشیان برینداربووە، کە برینی سێ لەوانەش سەختە.
هەروەهان دەڵێن، بەهۆى چالاکیەکەوە ١٠ چەتەی سەربە دەوڵەتى داگیرکەرى تورک کوژراون و ١٠ چەتەى دیکەش برینداربوون.
باسیان لەوەش کردووە، پێنج زرێپۆش و ئۆتۆمبێلى سەربازىی دووژمنان و کەرەستەی سەربازییان تێکشکێندراوە.
ئەنجوومەنی سەربازیی باب لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاشکرای کردووە، شەڕڤانێکیان برینداربووە و شەڕڤانەکانی دیکەش بێ هیچ زیانێکی گیانی پاش ئەنجامدانی ئەو چالاکییە گەڕاونەتەوە بارەگاکانی خۆیان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنجوومەنەکە ئەوەى خستووەتەڕوو، کە ئەوان بەرپرسی پاراستنی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەهاکانین و هێرش ناکەنە سەر هیچ لایەن و وڵاتێکی دیکە، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەرهاوڵاتیان و شەرڤانەکانیان، ئەوا بێ هیچ شک و گومانێک مافی خۆپاراستن بەکار دێنن.
@zagrosmadnews