قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەرگۆنا نەختێ ئاڵ
ئەی کچە مەنگەکەی بە دەنگی چپە دوو!
گەندەمووی دەموچاو، مەچەک هەڵنەگرتوو
ئەی ئەندام وردیلەی نەرمۆڵەی ئێسکسووک
ئەی بەرگی ساکارت دڵگیرتر لە هی بووک
ڕاستە من ڕێبوارم، سەرپێیی ئەڕوانم
بەڵام وا جوانیی تۆ کاری کرد لە گیانم
ئەڵێی نەک هەر ئێستا، عومرێکی درێژە
بەو دەست و پەنجانەت برینم ساڕێژە
ئەی کچە کاڵەکە! جوانی تر با زۆر بن
لە باغچەی بەهارا گوڵباخی بەر خۆر بن
با ڕەنگیان پەرداخت بێ و جێگەیان سەرچڵ بێ
بە واتەی خەڵکی تر، با ناویان شاگوڵ بێ
گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە
کە لە ژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە
لە هەموو ئاسمانا ئەستێرەی بەربەیان
ئەخاتە دڵی من هەستێکی سپی و جوان
لە تەختێک هەڵدەستێ هەزار و یەک نەغمە
ئەوەیان شیرینتر دێتە گوێم زۆر نزمە
کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو
لە بنیا بلەرزێ مرواریی زیخ و چەو
جوانترە لە لای من لە دەریای بێسنوور
شەپۆلی باتە بەر تیژگی ڕۆژ شڵپ و هووڕ
➿ @Kurdinus«گۆران»