"خاڵ عەباس" چیرۆکێک له نێو زنجیره ئاکسیۆنەکانی سەر به کەسایەتییەک #فەرهاد_بابۆڵیئـ . چیرۆک و داستان بەرهەمی زمانن؛
ماکەی سەرەکی پێکهێنانی هەموو بەرهەمەکانی ئەدەبی زمانە. ئەو ئامراز و کەرەستەیەی جیهانێکی تایبەت دەخولقێنێ و دەبێتە هەوێنی بیچم گرتنی واقیعێکی سەربەخۆی خیاڵی. لێرەدا زمان له ئاستی پردی پێوەندی نێوان تاکەکان تێدەپەڕێ و دەبێتە ئافرێنەر و خولقێنەری کەشێکی تایبەت کە تێیدا جیهان ژینێکی هەڵکەوتە بوون دەگرێ. ئەو زمانە ئیدی چیدیکە زمانی ئاخافتنی ڕۆژانە نییه ؛ بە تێکەڵ بوون دەگەڵ هەندێک تایبەتمەندی دەبێتە سازدەر و له ئاکامی کارکردە ئەدەبی و هونەرییەکەی، بەرهەم و ژانرێکی ئەدەبی و هونەری وەک چیرۆک و ڕۆمانی لێدەکەوێتەوە.
یەکێک له تایبەتمەندییه بەرچاوەکانی چیرۆکی " خاڵ عەباس" زمانەکەیەتی . ئەو زمانەی پوخت و ڕەوان دەکار کراوە و هەڵگری چەند فاکتۆری بەرچاوە :
۱. زمانی گێڕانەوەکە لێکدراوێکە له دوو جۆر زمانی نەستەق و کۆن و باوی کوردەواری دەگەڵ جۆرێکی دیکە له زمانێکی نوێی مێدیایی بە تایبەت ئەو جۆره زمانەی کە ئێستا زۆرتر له گوتاری سیاسی ڕۆژدا کەڵکی لێوەردەگیرێت. هەڵبەت هەر کام لەو دەربڕینە زمانیانە دە خزمەت کارلێکەری دەق له سەر بەردەنگ دایە و کەشێکی تەنزاوی و گاڵتەجاڕانەی له نێوئاخنی ڕیوایەت و ڕووداوەکان پێکهێناوە.
پێشان چەند میناک له جۆری یەکەم :
٭ خاڵ عەباس وەک ئەوەی گیشەت لێ ئاور تێبەردابێ ....( ل ۲۰)
٭ ... دووبەدوو سیڕە[سێرە] یان له زەفتە بۆر گرت و گوێیان هەڵخست. ( ل ۲۷)
٭ وای لێدێ کە خەریکە بە دەنگی دیزە و گۆزەی چێشتخانەی خانەقاش جەزم دەبێ. ( ل ۴۹)
٭ ... ئیدی به مەرقەدی شێخی ، مۆدە و مۆتەم لێدانێیەوە نایەڵم خشتی له سەر خشتی دابنێی. ( ل ۹۷)
٭... بە جۆرێک تەها لاقی چەقاند و خۆی له هەر جۆره هاوڕێیەتی خاڵ عەباسی بوارد.
له نموونەکانی سەریدا زاراوە و دەستە واژەی وەک : گیشە ئاور دان ، سێرە هەڵگرتن ، جەزم بوون بە دەنگی دیزە و گۆزه ، خشت له سەر خشت دانان و لاق چەقاندن ؛ شێوە زاری باو له نێو خەڵکی ئاسایی ، لادێیی و بە ساڵاداچووی کۆمەڵگای کوردین و له هەندێکیشیاندا بۆن و بەرامەی تەنز و نەستەق و قسه خۆشی و ڕاوێژ خۆشی لێدێت.
کەڵک وەرگرتن لەو جۆره زمانە ئەویش دە چوارچێوەی ڕیوایەتی ژانرێکی وەک چیرۆک جگە لە وەیکە توانیوێتی کەسایەتییەکان وەک خۆیان پێشان بدات و پێناسە بکات دەبێتە هۆی زیندوو ڕاگرتنی ئەو شێوە تایبەتە له زمانی بەشێک له دانیشتوانی پێشتری وڵاتەکەمان کە دەکرێ وەک دیارییەک له ناو ویترینی زمانی کوردی به ئەمانەت بمێنێتەوە.
پاشان له جۆری دووهەمی تایبەتمەندی زمانی "خاڵ عەباس" کە بریتییه له دەکار کردنی زاراوەی نوێی مێدیایی چەند نموونە دەهێنینەوە :
٭ ... شتێکی پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو جۆره دانیشتنانە نەبوو. ( ل ۲۱)
٭ بەو پێیه خەڵکی ئاوەدانی کە له هەر جۆره پێشکەوتنێک لەو دانوستاندنانەدا بێ هیوا بوون، بڵاوەیان کرد و ...( ل ۵۴)
٭ کاریگەری ئەو قسە ناڕاستەوخۆیه له سەر دایکم له کاریگەری ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت له سەر بلۆکی ڕۆژئاوا زیاتر بوو. ( ل ۸۴)
٭ بابم وەک ئەندامی فەخری و بەردەوامی ئەنجومەنی چارەسەری کێشه هەڵپەسێراوەکانی ماڵە خاڵ عەباسی، زانیاری سەداسەدی له سەر بابەتەکە هەبوو... ( ۸۹)
٭ وەک هەڵسەنگاندنێک دەکرێ بکوتر ، ئەو داڕمانە دوو ئەنجامی ناڕاستەوخۆی هەبوو : لاواز کردنی یەکجاری پێگەی خاڵ عەباس له بواری بڕیاردان و ڕزگاری یەکجاری ئێمەی خوشکەزا له هەر جۆره بێگارییەک. ( ل ۱۰٦ و ۱۰۷ )
لەو نموونانەی سەرێش ڕا زۆر ئاشکرا دیاره کە نووسەر به دەکار کردنی ئەو جۆرە زاراوانە هەویستوویەتی کەشێکی فەرمی و مێدیایی ئەویش بە تەنز بداتە ڕیوایەت و خوێنەر ڕاکێش و پەلکێشی ئاکامی ڕووداوەکانی هەر یەک له ئێپیزۆدەکانی نێو دەق بکات.
۲. زمانی ڕیوایەت هەر وەک له سەرێش باسی لێکراوە زمانێکی مەیلەو تەنزه ؛ تەنزێکی شاراوە کە ماکەی تەوس و توانجیشی پێوە دیاره و بە تایبەت له کاتی وەسفی کەسایەتی خاڵ عەباسدا زۆرتری کەڵک لێوەرگیراوە.
زمانی تەنز دەربڕی شاراوەیانە و ناڕاستەوخۆیانەی مژاری ژوورەکی باروودۆخێکی ئەخلاقی و ئینسانی دە ڕیوایەتی وێژەی داستانی دایه و له هەجو و گاڵتە و قومار پێکردن بە دووره. ئەو زبانە دەگەڵ ئەوەیکە بزە و پێکەنین دەهێنێتە سەر لێوی بەردەنگ، زەین و فکریشی بۆ لای دۆزینەوەی مانا و چەمکێکی شاردراوە ڕاکێش دەکات.
دە زۆربەی بەسەرهاتەکانی خاڵ عەباسیشدا گێڕانەوە ڕەنگ و بۆن و بەرامەیەکی ئاماڵ تەنزی پێوە دیاره و دەکرێ وەک راستییەکی تاڵ له چوارچێوەی وەسفی کەسایەتی خەڵ عەباسدا بدۆزرێتەوە. تاڵیەکە ئی ئەو بەشەیە کە دەکرێ وای بۆ بچین کە کەسایەتی بەرباس وەک بەشێکی دانیشتوانی کۆمەڵگا له کات و سات و دەورەیەکی تایبەتدا ، شتهایەکی زۆر بێ کەڵک و سەمەرەیان بۆ گرینگ بووە و سەری خۆیان بەو جۆره ئاکار و ڕەفتارانە هێشاندووە و بۆیان بۆتە خوو و خدە و